د. كه‌یوان ئازاد
(زانكۆ) ئه‌و ناوه‌نده زانستی و مه‌عریفییه‌یه، كه ڕۆڵێكی گه‌وره و دیاری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌كردنی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگاكان بینیووه. به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی، كه زانكۆی لێكراوه‌ته‌وه، چونكه هه‌ر به‌هۆی زانكۆوه ئاستی مه‌عریفی به‌ره‌وپێش ده‌ڕوات و هیوا بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێته‌وه. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ وته‌كانمان كردنه‌وه‌ی (زانكۆی سلێمانی) بوو له ساڵی (1968ز) وه‌ك به‌رزترین ناوه‌ندی زانستی له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌و تا ئه‌و كاته‌ی زانكۆكه به بڕیارێكی شۆڤێنی ڕژێمی به‌عس له ساڵی (1981ز) بۆ شاری (هه‌ولێر) گوازرایه‌وه و ناوه‌كه‌ی بۆ (زانكۆی سه‌لاحه‌دین) گۆڕا، گه‌وره‌ترین ڕۆڵی له پێشكه‌وتنی شاری سلێمانیدا بینی، تا ئه‌وه‌ی له‌نێوان ساڵانی (1968-1981ز) سه‌رقافله‌ی بیری زانستی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌عریفی كوردستانی عیراق بوو. ئه‌مه‌و ڕ‌وڵی له پێگه‌یاندنی سه‌دان ڕۆڵی كورددا بینی. كاتێكیش ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا گوزه‌ری كرد و ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991ز) سه‌ری هه‌ڵدا و زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌خسا، بواری كردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانكۆ له چه‌ند شارێكی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌خسا. ئه‌وانیش زانكۆكانی (سلێمانی و دهۆك و كۆیه و هه‌ولێری پزیشكی و كوردستان) بوون. سه‌رجه‌می ئه‌و (چوار) زانكۆیه‌ش ده‌سكه‌وتی ته‌مه‌نی (پێنج) كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو. كاتێكیش كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، به دوایشیدا بڕی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی ساڵی (2010ز) له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ‌دا ئاشكرا كرا و دواتر په‌رله‌مانی كوردستان دوای چه‌ندین دانیشتن و كۆبوونه‌وه په‌سه‌ندی كرد و چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چه‌ند به‌رنامه و پرۆژه‌یه‌كی خسته‌ڕوو، له‌وانه كردنه‌وه‌ی (چوار) زانكۆی تر بوو له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌ر یه‌ك له زانكۆكانی (ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، گه‌رمیان، زاخۆ) بوون، تا له‌پاڵ زانكۆكانی تری هه‌رێمی كوردستان، درێژه به ڕه‌وتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بده‌ن. به پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌شی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر دایڕشتبوو، له ڕۆژی (5ی ئازاری 2010ز) و له بیره‌وه‌ری (نۆزده) ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری (1991ز)، به‌ردی بناغه‌ی یه‌كه‌مین زانكۆی به ناوی (ڕاپه‌ڕین) له شاری (ڕانیه) دانا. به‌وه‌ش یه‌كه‌مین به‌ڵینی خۆی له بواری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هێنایه دی. ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌فادارییه‌ك بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر، كه یه‌كه‌مین ناوچه‌بوون به‌ڕووی ڕژێمی به‌عسدا ڕاپه‌ڕین و له (5ی ئازاری 1991ز) شار و ناوچه‌كه‌ی خۆیان له ژێر ده‌ستی ئه‌و ڕژێمه تاكڕه‌وه ئازاد كرد. له (16ی ئازاری2010ز) به‌ردی بناغه‌ی دووه‌مین زانكۆ به ناوی (زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید) له شاری (هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید) دانا. ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕێزێك له‌و پۆله شه‌هیده‌ی شاره‌كه، كه له (16ی ئازاری 1988ز) كرانه قوربانی چه‌كی كیمیاویی. دواتر و له (14ی نیسانی 2010ز) له شاری (كه‌لار)ی مه‌ڵبه‌ندی ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌ردی بناغه‌ی سێیه‌مین زانكۆ به ناوی (زانكۆی گه‌رمیان) دانا. ئه‌و كاره‌شی له‌و ڕۆژه‌دا بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و ئازاره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌ی گه‌رمیان بوو، كه له نێوان ڕۆژه‌كانی (7-20ی نیسانی 1988ز) و له سێیه‌مین شاڵاوی به‌دناوی ئه‌نفالدا گه‌وره‌ترین تاوانی جینۆسایدیان به‌رامبه‌ركرا. دوای زیاتر له چه‌ندین ساڵیش له چاوه‌ڕوانی دواتر بڕیاردرا ڕۆژی (14ی نیسانی 1988ز) به ڕۆژی (ئه‌نفال) بناسرێت. سه‌باره‌ت به زانكۆی چواره‌میش، كه تائێستا ڕۆژی كردنه‌وه‌كه‌ی دیار نییه، بڕیاره له شاری (زاخۆ) بكرێته‌وه، ده‌بێته د‌وا به‌ڵێن و كاری حكومه‌ت له كابینه‌ی شه‌شه‌میدا بۆ ساڵی (2010ز)دا.
خاڵێكی گرنگی تر، كه نابێت له‌م باسه‌دا نادیده‌ی بگرین ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و (چوار) زانكۆیه بۆ مێژووی حوكمداری كوردی له‌م سه‌رده‌مه‌دا گرنگ بێت، ئه‌وا لاموایه گرنگی له زیادكردنی ژماره‌كانی زانكۆكانی كوردستان و ڕایكردنی دڵی ناوچه و دانیشتوانه‌كه‌یدا نییه، به قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی له‌وه‌دا گرنگه، كه ئایا ئێمه به (7) زانكۆوه به‌ر له كردنه‌وه‌ی ئه‌و (چوار) زانكۆیه‌ی تر، چیمان بۆ سه‌ركه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و مه‌عریفی خوێندكاران و نه‌وه‌ی نوێ كردووه؟ ئه‌ی ئایا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و (حه‌وت) زانكۆیه كردووه، كه هه‌ر یه‌ك له‌وان ده‌یان كێشه‌یان هه‌یه، هه‌ر له نه‌بوونی بینای پێویست بۆ كۆلێژی ئه‌و زانكۆیانه، تا ده‌گاته هۆڵه‌كانی خوێندن و مامۆستایانی پسپۆر و تاقیگه‌ی زانستی و كتێخانی پێشكه‌وتوو و پرۆگرامی نوێ بۆیان؟ دیاره من له‌كاتێكدا ده‌ستخۆشی له هه‌وڵی ئه‌م كابینه پڕ خزمه‌تگوزارییه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێنه‌وه‌ی زانستی ده‌كه‌م، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كاره‌كانی به خزمه‌تكردن و جێبه‌جێكردنی به‌ڵینه‌كانی ده‌ستپێكردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لاموانییه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌و (حه‌وت) زانكۆیه‌ی كردبێت، تا (چوار) زانكۆی تر بخاته پاڵ؟ ئه‌مه‌و دیاره كردنه‌وه‌ی (چوار) زانكۆ له یه‌ك ساڵدا مانای به‌ره‌و پیره‌وه‌چوونی دابینكردنی بینا و هۆڵه‌كانی خوێندن و مامۆستا و پرۆگرامی زانستی بێت بۆ هه‌ریه‌ك له‌وان!، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بپرسین، كه له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كابینه‌كانی پێشووی نه‌یتوانیبێت كێشه‌ی (145) خانووی مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی له (به‌كره‌جۆ) چاره‌سه‌ر بكات، ئایا ده‌توانێت كێشه‌ی (چوار) زانكۆی تر چاره‌سه‌ر بكات؟ دیاره من له‌كاتێكدا هیوادارم له‌و بۆچوونه‌دا به هه‌ڵه‌دا چووبم و حكومه‌ته‌كه‌مان زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بێت، كه ئێمه لێی ده‌ڕوانین، به‌ڵام كورد واته‌نی (مانگه شه‌و سه‌ر له ئێواره دیاره)، لاموایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیاره، كه حكومه‌ت به‌و كاره‌ی خۆی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ی تر ده‌كاته‌وه، كه ئێستا كاتی دروستكردنیان نییه.
Kaiwanazad@yahoo.com
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ - ژماره 1272 - ڕۆژی چوارشه‌ممه به‌رواری 28/7/2010 - لاپه‌ڕه 10