پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین *
بۆ بازدان بە کوالیتی بڕوانامەکانو بەستنەوەی زانایان بەجیهانی سەردەمو وەرچەرخاندنی ئاستی توێژینەوە لە زانکۆکان دەیان ساڵە کۆمەڵگای ئەکادیمی عێراقو هەرێمی کوردستان، بە مامۆستاو خوێندکارانەوە، گلەییان لە سیستەمی خوێندنی دکتۆرا هەبووەو بەسیستەمێکی پڕ لە کێشەو کەموکوڕییان زانیوە. ئیمڕۆ کێشەکانو کەموکوڕییەکان، لە هەموو دەمێکی تر سەختترو ئاڵۆزتر بوونەو بوونەتە هۆی دابڕانی توێژەرەوەکانی عێراق، لە رەوتی زانستی سەردەمو لە دونیانی پێشکەوتن. بۆیە، ئاواتی هەموو ئەکادیمیانی کوردستان ئەوەیە، کە بەزووترین کات، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا ئەنجام بدرێو ئاستی ئەکادیمیا بگەیەندرێتە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو.
لە رۆژی ٧ی مانگی کانونی یەکەمی پارساڵدا، حکومەتی هەرێم بڕیاری گۆڕینی سیستەمی خوێندنی باڵای داو ستراتیژییەتێکی سەردەمییانەی بۆ چاو پێخشاندنەوەو تازەکردنەوەی سیستەمی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گرتەخۆ. وەک بەشێک لە بەجێ گەیاندنو پیادەکردنی ستراتیژییەتەکەو بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەو وەدەستهێنانی متمانەی جیهانی بەبڕوانامەی دکتۆرای هەرێم، پسپۆڕانو سەرکردە ئەکادیمیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەرکی پێداچوونەوەو داڕێژتنەوەی سیستەمی دکتۆرایان گرتە ئەستۆ. لە دوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵادا، لە ٢/3/٢٠١٠و ٤/٤/٢٠١٠، بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان درا.
سیستەمی ئێستاو گرفتەکانی
لەسیستەمی ئێستادا، پڕۆژەی خوێندنی دکتۆرا بەچەند قۆناغێک تێدەپەڕێت. ئەگەرچی لە رووی پریسنیپەوە، پڕۆسەکە جۆرە لۆژیکێکی تێدایە، بەڵام لەواقیعدا پڕ لە کەموکوڕییەو کاتی بەسەرچووە.
جارێ، پلانی وەرگرتنی کاندیدانی دکتۆرا چی جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەپلانی هەرێمو بازاڕی کارەوە نییە، بەڵکو، زیاتر پەیوەندی بە بواری پسپۆڕی سەرپەرشتیارەکانو ژمارەی کاندیدەکانی نێو ستافی زانکۆو خەڵکی تری هەڵگری ماستەرەوە هەیە.
پرینسیپی بنەڕەتی لە خوێندنی دکتۆرا، بریتیە لە راهێنانی کاندیدەکە لەسەر سروشتو مێتۆدی توێژینەوەی زانستی، بۆ کاری دۆزینەوەو داهێنانو چارەسەکردنی گرفتی زانستی ئاڵۆز، هەروەها بۆ گواستنەوەی کاندیدەکە لە خوێندکارێکەوە، بۆ بیرکەرەوەیەکی داهێنەری سەربەخۆ. بۆ وەدەستهێنانی ئەو جۆرە دەرەنجامە، لە حاڵەتی ئاساییدا، خوێندکار پێویستی بە سێ هەتا پێنج ساڵ لە توێژینەوەی بەردەوام هەیە. کەچی لە سیستەمی عێراقیو کوردستانی ئێستادا لە دوای وەرگرتن، کاندیدەکانی دکتۆرا تەواوی ساڵی یەکەم، بەخوێندنی کۆرسی کلاسیکیو تاقیکردنەوەی کەم فایدە ماندوو دەکرێن. ئەو کۆرسانە، بۆ زیادە تەخەسوس داهێنراون، بەڵام لە راستیدا جۆرە دووپاتکردنەوەیەکی کۆرسی ماستەرنو بەهەمان شێواز خوێندنو تاقیکردنەوەکانیان تێیدا ئەنجام دەدرێن. ماوەی توێژینەوە لە ساڵی دووەم دەستپێدەکاتو بەفەرمی تەنیا بۆ دوو ساڵە. واتە، بە دەگمەن بەشی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی زانستی تێرو تەسەل دەکات، بۆیەش بەشێوەیەکی رۆتینی، زۆرینەی خوێندکاران پێویستیان بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی خوێندنەکەیانە. درێژکردنەوەش بە پچڕ پچڕی، بە سێ ماوەی شەش مانگی یەک لەدوای یەک ئەنجام دەدرێ.
دیارە، کە گرفتی جۆراوجۆری تریش لەو پڕۆسەیەدا هەیە، کە بوونەتە کێشەی موزمین. لەوانە، گرفتی پەیداکردنی سەرچاوەی خوێندنو پێداویستی تاقیگەو سەرپەرشتیاری پسپۆڕو هاوکاری نێودەوڵەتیو گرفتی بێدەسەڵاتی خوێندکاران، بەرامبەر کەمیی تەمویلو زۆری رۆتینی کوشندەو دابەزینی کوالیتیو بێکەڵکی شێوازی تاقیکردنەوەکانو هی تریش. خۆشبەختانە، لەباری ئەکادیمی ئێستای هەرێمو تەشەنەکردنی تۆڕی پەویوەندییە ئەکادیمییەکانەوە، تەواوی ئەو گرفتانە قابیلی چارەسەر کردننو لە چوارچێوەی سیستەمی نوێدا، چارەیان بۆ دۆزراوەتەوە.
سیستەمی نوێ
پوختەی گۆڕانکارییەکانی سیستەم کە لە ساڵی ئەکادیمی ئایندەوە، کاریان پێ دەکرێ، ئەمانەن:
١. لەمەودوا ماوەی خوێندنی دکتۆرا چوار ساڵەو مافی درێژکردنەوە، تەنیا بۆ شەش مانگە، کە ئەوەیش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی کۆلێژدایە (ئەو درێژکردنەوەیە بە مووچەی تەواوە، بەڵام بەبێ ئیمیتازاتی سەرپەرشتیار). هەڵبەتە، خوێندکار بۆی هەیە، کە خوێندنەکەی لەوە زووتر تەواو بکات، بەڵام نابێ ماوەی دکتۆراکەی لە دەستپێکەوە تا کۆتایی لە دوو ساڵو نیوی توێژینەوەی فیعلی کەمتر بێ.
٢. خوێندنی کۆرسە کۆنەکانی ساڵی یەکەمی دکتۆراو تاقیکردنەوەکان، بە یەکجارەکی نامێنن. لەجیاتیان، ساڵی یەکەمی خوێندن، دەکرێتە ساڵی ئاشنابوون بەپڕۆسەی توێژینەوەو پڕۆژە هەڵبژێردراوەکەو بواری توێژینەوەی سەرپەرشتیارەکان.
3. خوێندنی ساڵانی دووەم، هەتا کۆتایی چوارەم بۆ توێژینەوەو نوسینەوەی تێسیز (ئوتڕوحە، Thesis)و تاقیکردنەوە تەرخان دەکرێن. لەو ماوەیەدا، پێویستە خوێندکار بەلانی کەمەوە، ساڵێک لە دەرەوەی وڵات لە سەنتەرێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی بەڕێ بکات.
قۆناغەکانی سیستەمی نوێ
لەمەودوا، وەرگرتنی خوێندکاران بۆ خوێندنی دکتۆرا، بەپێی پلانێکی ستراتیژی ئەکادیمی ئەنجام دەدرێت. هەموو کورسییەکی دکتۆرا، پێویستی بە ئامادەکردنی دۆسیەیەکە کە تێیدا پێداویستییەکانی خوێندنەکەو تەمویل کردنو داڕێژتنی ووردەکارییەکانی پڕۆژەکە، لەوەرگرتنەوە تا تەواوکردن قۆناغ بە قۆناغ دیاری دەکرێت.
قۆناغی ئامادەکردنی دۆسیەی پڕۆژە
لە یەکەم قۆناغدا، سەرپەرشتیارێکی خاوەن ئەزموون بە هاوکاری کۆسەرپەرشتیارێکی دەرەکی (لە زانکۆیەک یان سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی ناوداری جیهانی) دۆسیەیەک ئامادە دەکاتو لە رێگەی بەشو کۆلیژەوە پێشکەشی لێژنەی زانستی زانکۆ دەکاتو تێیدا ناونیشانو پێناسەو مەرجەکانی وەرگرتن دیاری دەکات.
پێناسەی توێژینەوە بۆ ئەوەیە، کە سەرپەرشتیار پرسیارە سەرەکییەکانی سەبارەت بە کێشە زانیستییەکە، دیاری بکاتو بایەخە زانستییەکانی توێژینەوەکە روون بکاتەوە. بۆ نموونە، دیاری بکات، ئایا توێژینەوەکە هەوڵی تێگەیشتنو چارەسەرکردنی چی کێشەیەکی گرنگی هەرێم دەدات، ئایا دەرەنجامەکان چی داهێنانێک دەخەنە سەر زانست، یان چی نوێکارییەک پێشکەش بە تەکنۆلۆژیا دەکەن.
پێویستە مەرجەکانی رەزامەندیدان بۆ هەر پڕۆژەیەک، بەڕوونی ئاشکرا بکرێت. مەرجەکانیش، هەیانە گشتیو هەیانە تایبەت بە پڕۆژەو بوارە پسپۆڕییەکەیە. مەرجە گشتییەکان پەیوەندیدارن بە:
1. ئاستی زانستی بەرز
2. کۆنمرەی بەکالۆریۆسو دەرچوون لە ماستەر
3. ئەزموونی پەیوەندیدار (مەرج نییە ماوەکەی دیاریکراو بێت)
4. زانینی زمانی ئینگلیزیو زمانی پێویست بۆ توێژینەوە
5. دابینکردنی سەپەرشتیارانو راوێژکارانی دەرەکیو ناوەکی
6. دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکەو شوێنی تاقیگەی ناوەکیو دەرەکی پێویست بۆ توێژینەوەکە.
7. دابینکردنی خەرجی پێویست بۆ تەواوی پڕۆژەکە، وەک مووچە، دەرماڵە، کرێی خوێندن لە دەرەوە (بۆ ساڵێک)، زمان فێربوون، پارەی سەفەری خوێندکارو سەرپەرشتیارەکان، مەسرەفی خوێندکار بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکان (لە تاقیگە، پەڕتووک، کۆمپیوتەر..هتد).
8. خوێندنی دکتۆرا بە خۆ تەرخانکردنی فوڵتایم ئەنجام دەدرێت.
پێویستە هەموو ئەکادیمیەکی سەرپەرشتیار هەوڵبدات، تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆیو هاوڕێکانی بەکار بهێنێ، بۆ دۆزینەوەی سەرپەرشتیاری دەرەکی گونجاو لە سەنتەرێکی جیهانو وڵاتێکی بیانی، کە لەوەزارەتەوە رەزامەندیان لەسەر دراوە (لیستێک بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەکرێت). وە بەپێی توانا، سەرپەرشتیاری ناوەکیو دەرەکی ئاڵوگۆڕی سەردان بکەن.
باشترین شێوازی ئامادەکردنی دۆسیەی پڕۆژەی دکتۆرا بە جۆرێکە، کە سەرپەرشتیاری ناوەکی هەر خۆی سەردانی تاقیگە/کۆلێژی سەرپەرشتیاری دەرەکی بکاتو بە شێوازی (سەباتیکەڵ) ماوەیەکی تێروتەسەل (بە لانی کەمەوە سێ مانگو بەلانی زۆرەوە ساڵێک) لەو تاقیگە/کۆلێژە دەرەکییەدا لەگەڵ سەرپەرشتیارە دەرەکییەکە کاری توێژینەوە ئەنجامبدات. ئەوەش یارمەتیدەر دەبێ، بۆ نوێکردنەوەی زانستو فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندی ئەکادیمیو سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەرەکیو بڕیاردان لەسەر پڕۆژەی هاوبەش. هەروەها هاندەر دەبێ، بۆ ئەوەی کە هەرسێ لایەنی پەیوەندیدار (دوو سەرپەرشتیارو خوێندکارەکە) بەشێوەیەکی چالاکتر بەشداری لە توێژینەوەی یەکتردا بکەنو ئەنجامەکانیش لە گۆڤاری جیهانیدا بڵاو بکەنەوە. لە ئایندەدا، دەبێ رێنماییەکانیش بەجۆرک بگونجێندرێن کە ئەو جۆرە بڵاوکردنەوە جیهانییانە، لەکاتی تەرقییەدا بۆ هەردوو سەرپەرشتیار، حیسابیان بۆ بکرێ.
پێشنیازێکی تریش، کە لەوەزارەتەوە کاری بۆ کراوە، بریتیە لە بانگکردنو دامەزراندنی ئەکادیمیانی دەرەکی بەشێوەی گرێبەست، بۆ ئەوەی بێنە هەرێمو هەریەکەیان بەلانی کەمەوە بۆ ماوەی ساڵێک، لە بەشو کۆلێژەکاندا لە نزیکەوە بەشداری لە توێژینەوەو سەرپەرشتیو راهێنانو وانەگوتنەوەدا بکەن. دیارە کە بە پێی رێنمایی نوێو لەدوای ئیقڕار کردنی بودجەی نوێ، زانکۆکان بۆیان هەیە، کە گرێبەست تا نرخێکی دیاریکراو لەگەڵ ئەکادیمیو پسپۆڕانی دەرەکی ببەستن. دەکرێ ئەو میوانانە، بە سەرپەرشتیاری ناوەکی حیساب بکرێنو وەک پردێکی زانستیش بۆ بەستنەوەی زانکۆکانی هەرێم، بە سەنتەرەکانی دەرەوە بەکار بهێندرێن.واتە لە چەندین لای تریشەوە، دەتوانن کەلێنەکانی دەزگاکانی خوێندنی باڵا پڕ بکەنەوە.
دوای تەواکردن، دۆسیەی پڕۆژەی دکتۆراکە، لەلایەن سەرپەرشتیارەوە پێشکەش بە لێژنەی زانستی بەش/کۆلێژ دەکرێ. ئەو لێژنەیە رای دوو پسپۆڕی ناوەکیو دەرەکی (دەرەوەی هەرێم)وەردەگرێ پێش ئەوەی پڕۆژەکە تاوتوێ بکاتو دۆسیە سەرکەوتووەکان بە پێشنیازەکانی خۆیانو پسپۆڕانەوە بۆ لێژنەی سەروو تری ئاستی زانکۆ بەرز بکاتەوە. لێژنەی باڵای زانکۆ، بەپێی پلانی سەرتاسەری، دوا رەزامەندی لەسەر پڕۆسەو بودجەی تەرخانکراو دەدات. لە دوای بڕیاردانیش (بە ئەرێ وەیان نەرێ)، پرسیارو فیدباکی پسپۆڕەکان بۆ سەرپەرشتیارەکە دەنێردرێتەوە، بۆ ئەوەی کار لەسەر کەموکوڕییەکان بکاتو پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکات. کە رەزامەندی درا، دۆسیەکە چالاک دەکرێو کورسی خوێندنی دکتۆرا بۆ ئەو بەشەو ئەو سەرپەرشتیارە تەرخان دەکرێ. دواتر بەمەبەستی وەرگرتن، بەپێی پێشبڕکێی کراوە، کورسی دکتۆرایەکە لە لایەن کۆلێژەوە لە ئیعلامی ناوەوەو دەرەوەی زانکۆدا رادەگەیەندرێت.
لێژنەیەکی پسپۆڕی فەرمی، بۆ چاپێکەوتنو هەڵبژاردنی کاندیدەکان لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆ پێک دەهێنرێت، تاوەکو باشترین کاندید هەڵبژێردرێت.
مەرج نییە کاندیدەکان، پێشتر خزمەتیان وەک کارمەندی زانکۆ یان کارمەندی دەزگاکانی حکومەت هەبووبێ، بەڵام دەکرێ لەکاتی وەرگرتندا، حیساب بۆ ئەزموونی پەیوەندیدار لە هەر دەزگایەکی ناو هەرێمدا بکرێ.
پێویستە کاندیدی هەڵبژێردراو کەفالەتو کۆنتراکتێک مۆر بکات، کە بەهۆیەوە پابەند دەبێ بۆ تەواوکردنی خوێندنو کارکردن لە دەزگایەکی حکومی هەرێم (مەرج نییە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بێ). مەسەلەی دیاریکردنی ئەو لایەنەی، کە مەسرەفی خوێندنەکە دەگرێتە ئەستۆ، دەبێ دیراسە بکرێو دواتر بڕیاری لەسەر بدرێ. بۆ نموونە، ئەو دەزگایەی کە دواتر لە خزمەتی کاندیدەکە سوودمەند دەبێ، ئەوا بە کۆنتراکت هەموو مەسرەفێکی خوێندکارو خوێندنەکە دەگرێتە ئەستۆ و خوێندکارەکەیش پابەند دەبێ بە کۆنتراکتی خزمەتکردن لەو دەزگایە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە لایەنی کەمەوە.پێویستە کاندیدەکان مەرجی بنەڕەتی ئەکادیمیان تێدابێ.
پێویستە ئاستی زمانی ئینگلیزییان لەکاتی پێشکەشکردندا، بەلانی کەمەوە، لە ئاستی مام ناوەندی بێ، بەپێی تاقیکردنەوەی ئینگلیزی جیهانی. بۆ خاتری هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان، تەنیا تاقیکردنەوەکانی TOFELو IELTSو PASSWORD لەوەرگرتندا بڕواییان پێ دەبەخشرێت، بەپێی ئەو خشتەیەی خوارەوە. هەڵبەتە، تاقیکردنەوەی تریش هەن، کە تایبەتن بەزانکۆی تایبەت، بۆیە کاریان پێناکرێت. هەندێ تاقیکردنەوەی تریش هەن، کە لە زانکۆ جیهانییەکان بڕواییان پێ ناکرێ، چونکە تاقیکردنەوەی هەڵسەنگێندراو نین، بۆیە لە هەرێمیشدا کاریان پێ ناکرێ. بۆ نموونە، تاقیکردنەوەی Institutional TOFEL (ITP) کە بریتیە لە کۆکراوەی پرسیارە کۆنەکانی تۆفلو وەک تاقیکردنەوەکانی تر هەڵنەسەنگێندراوە، بۆیەش لە زۆرینەی زانکۆ بەناوبانگەکاندا متمانەی پێنادرێ.
ئاستی داواکراو لەو کاتانەدا، (کە لە نەخشەکەدا هاتوون) بۆ ئەوەیە، کە خوێندکار بەلانی کەمەوە، ئاستێکی مام ناوەندی تۆزێ نزمی هەبێ، بەرلەوەی لە پێشبڕکێی پێشکەشکردندا بەشدار ببێ، بەڵام لەو کاتەوە، هەتا کاتی دەستپێکردنی توێژینەوەو بۆ قۆناغەکانی دواتر دەبێ ئاستی یینگلیزییەکەی بگەیەنێتە ئاستی داواکراو.
قۆناغی ئاشنابوون: شەش مانگی یەکەم
لەو ماوەیەدا، پێویستە خوێندکار ئاشنایەتی لەگەڵ سەرپەرشتیاری تازەو تاقیگەکەیو دەروربەری ناو زانکۆو بەشەکە پەیدا بکاتو لە تاقیگەی سەرپەرشتیارە ناوەکییەکەدا، دەست بە توێژینەوە بکات. وە پەیوەندی لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەرەکی ببەستێو ئاشنایەتی لەگەڵ بڵاوکراوەو بابەتی توێژینەوەی ئەو پەیدا بکات.
پێویستە خوێندکارەکە، هەفتانە وانە بە زمانی ئینگلیزی لە بواری بنەماو ئێتیکو رێبازو مێتۆدی توێژینەوە وەربگرێ. پێویستە ئەو جۆرە کۆرسە گشتییە، لەسەر شێوازی کۆرسێکی پازدە هەتا بیست وانەیی (یەکە، یونیت) بۆ چەندین خوێندکار بەیەکەوە پێشکەش بکرێو پڕۆسەی دڵنیایی جۆری بەسەردا جێبەجێ بکرێ. لەبواری پسپۆڕیو وردیشەوە، دیسانەوە هەفتەی یەک دوو وانەی لە لایەن چەند پسپۆڕێکی پەیوەندیدارەوە پێبدرێت. ئەوەیان تەنیا بۆ رێنیشاندانو رەخساندنی دەرفەتی لێدوانە، نەک وانە گوتنەوە لەسەر شێوازی کۆرسی کلاسیکی. کۆی ژمارەی وانە پسپۆڕییەکان، لەلایەن بەشەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو جۆرە فێرکردنە، نەبێتەوە فێرکردنی کلاسیکی بە شێوازی ماستەر، پێویستە کۆی گشتی وانەکان لە بیست دانە تێپەڕ نەکات. هاوکات لەو ماوەیەدا شانبەشانی وانەکان، لەکاری توێژینەوە بەردەوام دەبێ.
زمانی ئینگلیزیو هونەری کۆمپیوتەرزانیو پڕۆگرامی سۆفتوێرە تابیەتمەندەکانی بووارەکە فێر ببێتو لە کۆتایی شەش مانگەکەدا، دەبێ دووبارە تاقیکردنەوەی ئینگلیزی بکاتەوەو بگاتە ئاستی پێویست، بەگوێرەی خشتەی سەرەوە. دەکرێ ئەنجامدانی ئەو کۆرسانە لە ئاستی زانکۆدا، بۆ کۆمەڵانی خوێندکاران بە گشتی یان پۆڵ پۆڵ رێک بخرێ، یان خودی خوێندکار هان بدرێت کە رێگا کۆششی ئەڵتەرناتیڤ بگرێتەبەر.
لە سێ مانگی یەکەمدا، راپۆرتێکی (2500) وشەیی لەسەر بواری توێژینەوەکەی بە زمانی ئینگلیزی ئامادە دەکات. ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە، زیاتر بریتی دەبێ لە ئاوڕدانەوەیەک لە بڵاوکراوەکان (Literature Review)و لەلایەن هەردوو سەرپەرشتیارەکەیەوە هەڵدەسەنگێندرێ.
لەکۆتایی شەش مانگەکەدا، خوێندکارەکە راپۆرتەکەی دەوڵەمەند دەکاتو درێژتری دەکاتەوە بۆ 5000 وشە. ئەو راپۆرتە دوو بەش دەبێ، یەکەمیان Literature reviewو ئەوی تریان ئەنجامی توێژینەوە سەرەتاییەکانی ئەو شەش مانگە دەبێت. واتە یەکەمیان دەبێتە پێشەکیو دووەمیان بریتی دەبێ لە Materials and methods، results، discussion and references. ئەو راپۆرتە لە لایەن سەرپەرشتیارەکانو لەلایە هەڵسەنگێنەرێکی دەرەکییەوە هەڵدەسەنگێندرێن. هەڵسەنگێنەری دەرەکی بە رەزامەندی هەردوو سەرپەرشتیارو لێژنەی بەش/کۆلێژ دەستنیشان دەکرێو پێویستە یەکادیمییەکی خاوەن ئەزموون بێو لە سەنتەرێکی نێودەوڵەتی کاری کردبێ. نابێ هەڵسەنگێنەر، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پڕۆژەی توێژینەوەکە هەبێ.
ئەو خوێندکارەی کە لە هەڵسەنگاندنەکەدا سەرکەوتوو دەبێو زمانی ئینگلیزییەکەی دەگاتە ئاستی پێویست، ئیتر رێگەی پێدەدرێت، بەیەکجارەکی دەست بە دکتۆرایەکەی بکات. لە نزیکترین فرسەتیشدا، سەفەر بۆوڵاتی سەرپەرشتیارە دەرەکییەکەی بکات. ئەگەر خوێندکارەکە لە هەلسەنگاندنو تاقیکردنەوەی زماندا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا سێ مانگی تریشی دەرفەت پێ دەدرێتو دووبارە هەڵدەسەنگێندرێتەوەو لە دوای ئەوەدا ئەگەر دیسانەوە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا خوێندنەکەی کۆتایی پێدەهێندرێ.
قۆناغی چوونەدەرەوە: شەش مانگی دووەم
لەدوای گەیشتن بەوڵاتی سەرپەرشتیاری دەرەکی، ئەگەر ئینگلیزییەکەی خوێندکار لە ئاستی پێویست بوو و ئامادەی توێژینەوە بوو، ئەوا دەتوانێ یەکسەر دەست بەکاری توێژینەوە بکات. ئەگەر نا، لە دوای گەیشتن، ماوەی سێ مانگ دەرفەتی تەواوکردنی کۆرسی چڕوپڕی زمانی ئینگلیزی (فولتایم) پێ دەدرێت. مەسرەفی ئەو کۆرسە، لە سەر حیسابی حکومەت دەبێت. ئەگەر لە دوای ئەو ماوەیە، خوێندکار نەیتوانی بگاتە ئاستی پێویست، ئەوا رێگەی پێ دەدرێت کە لە خوێندنی ئینگلیزی بەردەوام بێ بۆ ماوەی سێ مانگی ترو مووچەو دەرماڵەی بۆ دەدرێت، بەڵام کرێی خوێندن لە حیسابی خۆی دەبێت.
ئەگەر لە دوای شەش مانگەکە خوێندکار لە ئینگلیزی هەر دەرنەچوو، ئەوا دوا مۆڵەتی سێ مانگی تریشی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێدەدرێ، بەڵام لەو ماوەیەدا، خوێندکار لەسەر حیسابی خۆی دەخوێنێ، بەبێ مووچەو دەرماڵەو کرێی خوێندن. ئەگەر خوێندکار ئەو مەسرەفەی بۆ نەدرا، ئەوا کۆتایی بە خوێندنی دکتۆراکەی دەهێندرێتو دەگەڕێتەوە هەرێم. لەوەزارەتیشەوە رێگەی هەڵاوێردنی پێنادرێ.
بۆ توێژینەوەی زانستی لەو وڵاتانەی کە زمانی ئینگلیزی تێیاندا زمانی یەکەم نییە، بەڵام توێژینەوەکان بە زمانی ئینگلیزین، ئەوا جەخت لەسەر فێربوونی ئینگلیزی بەپێی خاڵەکانی سەرەوە دەکرێتەوە. بەڵام لەو بوارانەی کە توێژینەوەکان بە زمانێکی تری غەیری ئینگلیزییە، ئەوا مەرجی زانینی ئەو زمانانەی تریان لەسەر دادەنرێت. خۆ ئەگەر بۆ مەبەستی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەی زانستی تایبەت، خوێندکار پێویستی بە فێربوونی زمانێکی ترەوە هەبوو، ئەوا فێربوونی ئەو زمانە دەکرێتە مەرجێکی بنەڕەتیو دەبێ دەرفەتو کرێی خوێندنەکەی بۆ دابین بکرێ. لەو حاڵەتانەدا، پێویستە سەرپەرشتیارە ناوەکیو دەرەکییەکان، پلانو پێشنیازی ئەو زمان فێربوونانە بخەنە ناو دۆسیەی پێشکەشکردن، تاوەکو لە ئاستی بەشو زانکۆدا بڕیاریان لەسەر بدرێ.
قۆناغی توێژینەوەی لە دەرەوە: ساڵی دووەم
لەدوای تەواوکردنی کۆرسی زمان، خوێندکارەکە دەست بە توێژینەوەی زانستی لە تاقیگەی سەرپەرشتیارەکە دەکات. ماوەی توێژینەوە لە تاقیگەی دەرەکی، بەلانی کەمەوە ساڵێکەو بەلانی زۆرەوە دوو ساڵە. لە دوازدە مانگی یەکەمدا، مووچەو دەرماڵەو کرێی خوێندنی خوێندکار لەسەر حکومەت دەبێ.
لە حاڵەتێکدا، ئەگەر هەردوو سەرپەرشتیار رازیبن، ئەوا ماوەی مانەوەی خوێندکار بۆ دوازدە مانگی تر، بە مووچەو دەرماڵە، بەڵام بەبێ کرێی خوێندن، درێژ دەکرێتەوە. رەزامەندی بۆ ئەو درێژکردنەوەیە لە ئاستی بەشدایە.
مانەوەی لەوە زیاتر، تا رادەی شەش مانگی تر بەڕەزامەندی هەردوو سەرپەرشتیار دەبێ. دیسانەوە بەمووچەو دەرماڵە، بەڵام بەبێ کرێی خوێندن دەکرێ. لەو حاڵەتەدا، پێویست بە رەزامەندی ئەنجومەنی کۆلێژ دەکات.
لەهەندێ حاڵەتدا، بەگوێرەی پێداویستی پڕۆژەکان، دەکرێ خوێندکار یەکەمجار شەش مانگ لە تاقیگەی سەرپەرشتیاری دەرەکی بەڕێ بکاتو بگەڕێتەوە هەرێم، بۆ کۆکردنەوەی داتاو سامپڵو کاری توێژینەوەو دواتر بۆ ماوەی شەش مانگی تر، بچێتەوە دەرەوە بۆ تەواو کردنی تاقیکردنەوەکان. یان دەکرێ، کە خوێندکار ماوەی ساڵی یەکەم، لە هەرێم بێو لە ناوەڕاستی دکتۆرایەکەی بچێتە دەرەوە. ئیدارەی ئەو ماوانە، بەگوێرەی رێکەوتنی نێوان خوێندکارەکەو سەرپەرشتیارە دەرەکیو ناوەکییەکەیەتیو ئەگەر پێویست بوو لە کاتی پلانداناندا، دەخرێتە ناو دۆسیەی دکتۆراکەو مەسرەفی هاتوچۆی خوێندکارەکە، بۆ هەردوو سەفەر دەخرێتە سەر بودجەی پڕۆژەکە.
. لە کۆتایی هەر شەش مانگێکدا، خوێندکار راپۆرتی شەش مانگانەو دواتر ساڵانە پێشکەش دەکات. راپۆرتە ساڵانەییەکان، لەلایەن سەرپەرشتیارو هەڵسەنگێنەرێکی دەرەکی (External Assessor) هەڵدەسەنگێندرێ. ئەگەر خوێندکار لە هەرکام لەو قۆناغانە سەرنەکەوت، ئەوا رێگەی بەردەوامبوونی پێنادرێت. راپۆرتی هەڵسەنگاندنەکانو راوبۆچوونی سەرپەرشتیارەکان، لەسەر پێشکەوتنی خوێندکار بۆ لێژنەی بەشی زانکۆی دایک، بە رۆتینی دەنێردرێتەوەو لە فایلی خوێندکاردا هەڵدەگیرێت.
لەماوەی ئەو قۆناغەدا، لە سەرپەرشیتاری ناوەکی (هەرێم) چاوەڕوان دەکرێ، کە سەردانێکی خوێندکارەکە لە تاقیگەی سەرپەرشتیارە دەرەکییەکە بکاتو بەلایەنی کەمەوە، ماوەی دوو هەفتە لە هەمان تاقیگەدا، لەگەڵ کاری خوێندکارەکە، ئاشنا ببێو خۆیشی رۆڵی چالاک لە تێگەیشتنو بیرکردنەوەو توێژینەوەکەدا ئەنجام بدات.
قۆناغی توێژینەوە لە ناوەوە: ساڵی سێیەمو چوارەم
لەو قۆناغەدا، خوێندکار دەگەڕێتەوە هەرێمو توێژینەوەکانی بەردەوام دەکاتو دەست بە نووسینەوەی توێژینەوەکەی دەکات.
لەو ماوەیەدا، سەرپەرشتیاری دەرەکی، بۆی هەیە دوو جار سەردانی خوێندکارەکەو تاقیگەی هەرێم بکاتو هەر جارەیان، بە لایەنی کەمەوە هەفتەیەک بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکانو سەرپەرشتیکردنی خوێندکار بمێنێتەوە. مەسرەفی ئەو هاتوچۆ و میواندارییە، لەدۆسییەی پڕۆژەکەدا، بودجەی بۆ تەرخان دەکرێ.
. لەو قۆناغەشدا، خوێندکار راپۆرتی شەش مانگانەو ساڵانە، پێشکەش دەکات. راپۆرتە ساڵانەییەکان، لەلایەن سەرپەرشتیارو هەڵسەنگێنەری دەرەکییەوە هەڵدەسەنگێندرێ. ئەگەر خوێندکار لە هەرکام لەو قۆناغانەدا سەرنەکەوت، ئەوا رێگەی بەردەوامبوونی پێنادرێت.
لە کۆتایی ئەو قۆناغەدا، خوێندکار تێسیزەکەی بە سەرپەرشتیو رەزامەندی هەردوو سەرپەرشتیار ئەنجام دەداتو لە زانکۆی دایک، پێشکەشی دەکاتو لەلایەن دوو پسپۆڕی خاوەن ئەزموونەوە، تاقی دەکرێتەوە. یەکێ لەو تاقیکەرەوانە، بریتییە لە هەڵسەنگێنەرەکەی پێشتریو ئەوەی تریان لەلایەن دوو سەرپەرشتیارەکەوە سەرلەنوێ دەستنیشان دەکرێ. دەبێ هەریەک لەو دوو هەڵسەنگێنەرانە، بەجیاو بەر هەفتەیەک، بەر لە تاقیکردنەوە، راپۆرتی هەڵسەنگاندانی تێسیزەکە پێشکەش بە لێژنەی بەش بکات. ئەوجا لە دوای تاقیکردنەوەش، راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر رەوتی تاقیکردنەوەو ئاستی خوێندکارو ئەدای خوێندکار لە کاتی تاقیکردنەوە، پێشکەش بکات. لەو چوارچێوەیەداو پابەند بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری سەردەمییانە، پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا، چاوێکی رەخنەگرانە بە شێوازو کەڵتوری تاقیکردنەوەی دکتۆرا بخشێندرێتەوەو رێنمایی بۆ وردەکارییەکانی دابنرێت.
دەکرێ، خوێندکار لە ناوەڕاستی ئەو قۆناغەداو لەدوای تێپەڕبوونی دوو ساڵو نیوی توێژینەوەی فیعلی (بەلایەنی کەمەوە) تێسیزەکەی تەواو بکاتو تاقی بکرێتەوە. واتە، مەرج نییە لە کۆتایی چوارەمین ساڵی ماوەی دکتۆراکەیدا تاقی بکرێتەوە.
. لە حاڵەتێک، ئەگەر زۆر پێویست بوو، خوێندکار یەک جار مافی درێژکردنەوەی ماوەی دکتۆرایەکەی بۆ شەش مانگی تر دەبێت، ئەوەیشیان بە پاساوێکی بڕوا پێکراو و بە رەزامەندی هەردوو سەرپەرشتیارو ئەنجومەنی کۆلێژەکە، دەبێت. لەو حاڵەتەشدا مووچەی تەواو بۆ خوێندکار سەرف دەکرێت، بەبێ سەرفکردنی ئیمتیازات بۆ سەرپەرشتیار. تەنیا لە حاڵەتی زۆر تابیەتدا (بۆ نموونە نەخۆشی درێژخایەن)و بە پاساوی بڕوا پێکراوەوە ئەنجومەنی کۆلێژ بۆی هەیە، ماوەکەی بۆ شەش مانگی تریش درێژ بکاتەوە، بەڵام بەبێ مووچەو بەبێ ئیمتیازات بۆ سەرپەرشتیار.
کاریگەری سیستەمی نوێ لەسەر خوێندکارانی پێشتر
بۆ خاتری روونکردنەوەو یەکلاییکردنەوەی سیستەمی خوێندنی دکتۆرا، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا، کە کارکردن بەو سیستەمە نوێیە، لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە دەستپێدەکات. بەڵام سەرپەرشتیاران بۆیان هەیە، هەر لە ئێستاوە خەریکی ئامادەکردنی دۆسیەی پڕۆژەی دکتۆرا بن.
بۆ ئەو خوێندکارانەیش، کە لە ساڵانی پێشتر وەرگیراونو ئێستا لە قۆناغەکانی ساڵی یەکەمو دووەمو سێیەمی خوێندنن، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا، کە ئەوانە پەپێی سیستەمی کۆن بەردەوامبن لە خوێندنیان، بەڵام بە ئۆتۆماتیکی ماوەی خوێندنیان بەپێی پێویست بە مووچەوە (بەڵام بەبێ ئیمتیازی سەرپەرشتیار) بۆ چوار ساڵ درێژ بکرێتەوە. لەوە زیاتر، تەنیا بۆ شەش مانگی تر لە رێگەی ئەنجومەنی زانکۆوە، دەکرێ ماوەکەیان بۆ درێژتر بکرێتەوە، بەڵام بەبێ مووچەو بەبێ ئیمتیازاتی سەرپەرشتیار.
هەروەها بڕیاردرا، کە ئەوانەی لە ساڵی یەکەمدان، هان بدرێن سەرپەرشتیاری دەرەکی بۆ بابەتی توێژینەوەکەیان بدۆزنەوەو هەوڵدەن ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک لە سەنتەرێکی جیهانیدا، توێژینەوەکانیان ئەنجامبدەن. لە وەزارەتیشەوە هەوڵ دەدرێت دۆسییەکانیان بەپێی رێنمایی سیستەمی تازە رەچاو بکرێتو بەگوێرەی توانا هاوکاری بکرێن. هەڵبەتە ئەوەیان ئیخیتارێکە، خوێندکار مافی قەبوڵ کردن یان رەفزکردنی هەیە، هاوکات لەوەزارەتەوە داواکانیان بەپێی پێوەرو بودجەی بەردەست، رەچاو دەکرێ. بێگومان، پێویستە ئاستی زمانی ئینگلیزی خوێندکارەکانیش لە ئاستی پێویستدا بێ.
دوا وشە
ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی سیستەمی دکتۆرا، بۆ ئەوەیە کە هەموو توێژەرەوەیەکی هەرێم، بە زانایانی جیهان ببەسترێتەوەو لە ئەنجامدا هەموو بەشو کۆلێژو زانکۆیەکی هەرێم، بە سەنتەرە نێودەوڵەتییە پێشڕەوەکان ببەسترێنەوە. ئەوەش تاکە رێگایە، بۆ ئەوەی لە مەودای دووردا بەردەوامێتی بەڕەوتی پێشکەوتنو گەشەکردنو بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی هەرێم بدرێو تاکە رێگایە بۆ ئەوەی زانکۆکانی هەرێم بکرێنە پاڵپشتی رەوتی پەرەسەندنی ژێرخانو سەرخانی هەرێم.
*وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
سهرچاوه: سایتی www.hawlati.info